ڕاگەیەندراوێک لەلایەن پەرلەمانتار هۆشیار عەبدوڵڵا وە ؛

ئەجێنداکانی پشت تاڵان و بڕۆی نەوت مەترسیدارن و ئەبێ ڕابگیرێن ..

گرێبەستەکانی نێچیرڤان بارزانی وجێگرە یەکێتیەکەی لەگەڵ ڕۆزنەفتی ڕوسی ، بەشێکن لە درێژەدان بە حوکمی کلیپتۆکراسی لە هەرێمدا .

ئەو گرێبەستانەی بواری نەوت ، کە نیچیرڤان بارزانی پارتی و جێگرە یەکێتیەکەی لە ڕوسیا واژۆیانکردوە ، فەزیحە و ئابروچونێکی ترە و بەشێکە لە درێژەدان بە حوکمی کلیپتۆکراسی هەرێم و نابێ هیچ حزب و ڕێکخراوێک لەو هەڕاجکردنەی نیشتیمان بێدەنگ بێت .

بە هەمان ڕیگای ناشەرعی و هاوشێوەی ڕێکەوتنی پەنجاساڵەیان لەگەڵ ئەردۆگان ، ئەمجارەشیان بێ ئاگاداری پەرلەمان ڕێکەوتنێکیان لە بواری نەوت لەگەڵ کۆمپانیای زەبەلاحی ڕۆزنەفتی ڕوسیدا بۆ ماوەی بیست ساڵ واژۆکردوە کە ئامانج لێی تاڵان وبرۆی سامانی سروشتی هەرێمی کوردستانە .

ڕێکەوتن لەگەڵ ئەو کۆمپانیا زەبەلاحانەی نەوت و وەرگرتنی پارەی شیرینی و پێشەکی لێیان وەک کاسبیەکی ناشەرعی شەخصی و حزبی لێهاتوە بۆ چەند کارەکتەرێکی ئەو دوحزبە و چەندین ساڵە بە ملیاران دۆلاریان بۆخۆیان بردوه و خەڵکی کوردستانیشیان بێ موچە و گوزەران هێشتۆتەوە .

بەهۆی ئەو سیاسەتەیانەوە کە تاڵانفرۆشی نەوت و دەستگرتنە بەسەر داهاتەکەیدا هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەیان خستۆتە ژێر قەرزیکی زۆرەوە و ئێستا وئایندەی نیشتمانەکەمانیان خستۆتە بەردەم چارەنوسێکی نادیار و تاریک .

بەڕای ئێمە تاکە چارەسەر ئەوەیە کە ؛

یەک/ سەرۆکایەتی پەرلەمان ، بە ڕون و ڕاشکاوی ناشەرعی بونی ئەو گرێبەستانە ڕا بگەیەنێت و نێچیرڤان بارزانی و جێگرەکەی بەرپرس بکا لەو کارە نایاساییەی کە بەکارهێنانی سامانی وڵاتە بۆ بەرژەوەندی حزبی و شەخصی .

دو/ هەمو حزب و ڕێکخراوە سیاسیەکان یەکدەنگ ئەو گرێبەستانە ڕەتبکەنەوە و لە ئاستی فراکسێۆنەکانی پەرلەمانیان و وەزیرەکانی ناو کابینەی هەشت و ئاستی حزبیش ئەو قۆرغکاری و سیاسەتی تاڵانیەی نەوت ڕەتبکەنەوە و هەڵوێستی ڕون ڕا بگەیەنن کە ئەو گرێبەستانە گوزارشت لە ڕێکەوتنێکی سیاسی شەخصی و حزبی ئەکا لەگەڵ ئەم کۆمپانیایە و مەرجی یاسایی تێدا نیە و خەڵکی کوردستان لێی بەرپرسیار نیە و لە ئایندەدا پابەند نابن پێوەی .

سێ / گرنگە هەمو ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنیەکان ، میدیای ئەهلی و ڕێکخراوە ناحکومیەکان پەنا بۆ نەتەوەیەکگرتوەکان بەرن و داوا بکەن ، سنورێک بۆ بەهەدەردانی سەروەت و سامانی سروشتی هەرێمی کوردستان دابنرێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە لەو گەندەڵی وخراپ بەکارهێنانەی دەسەڵات لە لایەن کەمینەیەکی باڵا دەستەوە لە هەرێم ئاگادار بکرێتەوە .

چوار/ ئەرکی ئێمه و فراکسێۆنە کوردستانیەکانی تری پەرلەمانی عێراقە ، کە نەک ئەو گرێبەستە نوێیانە بەڵکو هەمو گرێبەستەکانی تری نەوت و داهاتەکانیان وشیرینیەکانیان ببەینە پەرلەمانی عێراق ، دەستەی نەزاهە ، دادگای فیدڕاڵی .

ئەگەر کاردانەوەیەکی فراوان و کاریگەر لە دژی ئەو گرێبەستانە نەخرێتە ڕو ، سەرۆکایەتی بەناو حکومەتی هەرێمی کودەتا بەسەرداکراو ، سڵ لە هیچ ڕێگەیەک ناکاتەوە بۆ دەستخستنی پارە لە پێناوی بەرژەوەندی شتخصی و حزبیدا و خەڵکیش بە چارەگە موچە و کەمتریش لەوە درێژە بە ژیانێکی کولەمەرگی ئەدەن .

ئەجێنداکانی پشت فرۆشتنی نەوت و دەستگرتن بەسەر وزە وسەرچاوەکانیدا زۆر مەترسیدارترن لە خودی پرۆسەی تاڵانیەکە و دەبێ ڕابگیرێن ، ئەو مەترسیانە هەمو خەڵکی کوردستان بە لایەنگرانی یەکێتی و پارتیشەوە ئەگرێتەوە و لەم هەنگاوە ناشەرعیانەدا تەنها چەند گروپ و تاقمێک سودمەندن .

هۆشیار عەبدوڵا
ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
۳ ی ێۆنیۆی ۲۰۱۷

Ещё
2 тыс.
146
31